١ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٦:١٠
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی بەغدا و ئیستەنبوڵي كرد

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان ئیدانه‌ی تەقینەوە و هێرشه‌ چەكدارییه‌كانی توركیا و عێراق ده‌كات و پشتڕاستیشی دەكاتەوە لە هێرشەكەی ئیستەنبوڵدا ژمارەیەك گەشتیاری هەرێمی كوردستان بەركەوتوون.


حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی بەغدا و ئیستەنبوڵي كرد

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان ئیدانه‌ی تەقینەوە و هێرشه‌ چەكدارییه‌كانی توركیا و عێراق ده‌كات و پشتڕاستیشی دەكاتەوە لە هێرشەكەی ئیستەنبوڵدا ژمارەیەك گەشتیاری هەرێمی كوردستان بەركەوتوون.

لە پەیامێكی هاوخەمیدا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رایگەیاند "ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییانه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن‌ تیرۆریستان له‌ موسڵ و ناوچه‌كانی دیكه‌ش له‌ عێراق و سووریا رووبه‌ڕووی شكستی به‌رده‌وام ده‌بنه‌وه‌ و له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگدا روو لە  له‌نێوچوونی یه‌كجارین، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن رووی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیان بكه‌نه‌ نێو خه‌ڵكی سڤیل و شوێنه‌ گشتییه‌كان".

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان جەختدەكاتەوە "بەدڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م كرده‌وانه‌ ویست و ئیراده‌ی به‌ره‌ی دژه‌تیرۆر بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و له‌نێوبردنی تیرۆر به‌هێزتر ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ هۆی لێدانی گورزی به‌هێزتر له‌ تیرۆریستان له‌ هه‌موو شوێنێك".

شەوی رابردوو لە شاری ئیستەنبوڵ چەكدارێك هێرشی كردە سەر یانەیەكی شەوانە و دەستڕێژی گوللەی لە خەڵك كرد، بەهۆیەوە 39 كه‌س كوژران و 69 كەسی دیكەش برینداربوون، لەنێو قوربانییەكانیش كوژراوێك و سێ بریندار خەڵكی باشووری كوردستان بوون.

دوایین رۆژی 2016 و یەكەم رۆژی 2017، زنجیرەیەك تەقینەوە بەغدایان هەژاند و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان بەهۆیانەوە زیاتر لە 120 کەس كوژران و برینداربوون، هەروەها رۆژی یەكشەممە 1-1-2017، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر خاڵێکی پشکنین لە نەجەف و بەهۆیەوە زیاتر لە 20 کەس كوژران و برینداربوون.

دەقی پەیامەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

زۆر به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ شه‌وی ڕابردوو له‌ ئیستانبول كرایه‌ سه‌ر یه‌كێك له‌ ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵی تازه‌ و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی توركیا و گه‌شتیاری بیانی گیان له‌ده‌ست دا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بریندار بوون كه‌ له‌ نێویاندا گه‌شتیاری هه‌رێمی كوردستانیش هه‌بوون.

هه‌روه‌ها به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستیانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ و دوێنێ چه‌ند شوێنێكیان له‌ نه‌جه‌ف و به‌غدا كرده‌ ئامانج و تیایاندا ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتیان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گیانیان له‌ده‌ست دا و بریندار بوون.

وێڕای پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و هاوسۆزی و هاوخه‌میمان بۆ كه‌سوكاری قوربانیان،هیوای زووچاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازین. ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆرستیانه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ تیرۆرستان له‌ مووسڵ و له ناوچه‌كانی دیكه‌ش له‌ عیراق و سووریا ڕووبه‌ڕووی شكستی به‌رده‌وام ده‌بنه‌وه‌ و له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگدا ڕوو له‌ناوچوونی یه‌كجارین، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕووی كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كانیان بكه‌نه‌ نێو خه‌ڵكی سڤیل و شوێنه‌ گشتییه‌كان، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م كرده‌وانه‌ ویست و ئیراده‌ی به‌ره‌ی دژه‌تیرۆر بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و له‌ناوبردنی تیرۆر به‌هێزتر ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ هۆی لێدانی گورزی به‌هێزتر له‌ تیرۆرستان له‌ هه‌موو شوێنێك.

دووباره‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیمان ئاراسته‌ی كه‌سوكاری قوربانیان ده‌كه‌ین، خوای گه‌وره‌ سه‌بوورییان بداته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
1/1/2017